مەریوان؛ سەلمان ئەفرا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

11:02 - 5 رێبەندان 2723

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕێبەندان، سەلمان ئەفرا، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "نێ"ی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٠ ساڵەیان دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی ‌‌وەپاڵدراو دژی سەلمان ئەفرا، زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی خاکەلێوی ١٤٠٠، ئەو لاوە مەریوانییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرابوو.

سەلمان ئەفرا کە پێشینەی سزادرانی یاسایی هەیە، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٩، لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرابوو.

ئەو لاوە کوردە، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لە دادگای سەرەتاییدا بە ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری مەحکووم کرابوو کە دواتر ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا، بۆ ١ ساڵ بەندکرانی تەعزیری گۆڕدرابوو.