سنە؛ محەممەدجەعفەر محەممەدی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

01:55 - 14 بەفرانبار 2723

ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەدجەعفەر محەممەدی"، تەمەن ٥٥ ساڵ، کوڕی تۆفیق و خەڵکی سنە، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی پۆلیسی ئیتلاعات و ئەمنییەتی سنەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٤ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە لە گەڕەکی "حاجیاوا"ی سنە و بە توندوتیژییەوە ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

بەپێی بەڵگەیەک کە بەدەستی کوردپا گەیشتووە، دەسبەسەرکرانی محەممەدجەعفەر محەممەدی، پاش تۆمارکردنی سکاڵای ناوبراو دژی پێرسۆنێلی ئینتیزامیی شاری سنە لەمەڕ لێدان و دەسبەسەرکرانی نایاسایی ناوبراو لە دادسەرای نیزامیی پارێزگای سنە ڕووی داوە.

ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بەفرانبار، مورتزا محەممەدی و ئیبراهیم محەممەدی، کوڕەکانی محەممەدجەعفەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.