بۆکان؛ مەتین حەسەنی لە برینداربووانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

13:36 - 4 رێبەندان 2723

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندان، مەتین حەسەنی، لە خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٩٨ لە شاری بۆکان کە چاوی بریندار ببوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاگادارە ڕایگەند: هێزە ئەمنییەتییەکان بە توندوتیژییەوە مەتین حەسەنییان دەسبەسەر کردووە.

مەتین حەسەنی لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا، لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان لە شاری بۆکان، چاوێکی لەدەست دابوو.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەک دەست نەکەوتووە.