شنۆ؛ دوو لاوی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

03:43 - 4 رێبەندان 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٣ی ڕێبەندان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سۆران بنگینی" کوڕی ڕەسووڵ و "شەهرام ئیبراهیمی"، کوڕی قادر، خەڵکی گوندی "کانیڕەش"ی شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم دوو لاوە تەمەن ٢٠ ساڵە، کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆخی کوڕەکانیان سەردانی ئیتلاعاتی شنۆیان کردووە بەڵام وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو لاوە کوردە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: شەهرام ئیبراهیمی و سۆران بنگینی