عوسمان موزەیەن، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری باسی لە درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەرکرانی ٨ ڕۆژەی شۆڕش ئەبووبەکری و دڵشاد محەممەدی بەبێ ئاگاداربوون لە چارەنووسیان کرد

03:29 - 4 رێبەندان 2723

ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندان ١٤٠٢، عوسمان موزەین، پارێزەری پلەی یەکی دادگوستەری بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا، ڕوو لە دادستانی گشتیی و ئینقلابی سەردەشت، وێڕای ئاماژەکردن بە دەسبەسەرکرانی چەکدارانەی شۆڕش ئەبووبەکری و دڵشاد محەممەدی لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٢دا، بە بڕیاری دداوەری، باسی لە وڵامنەدانەوەی ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان بە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییانە و بێئاگابوون لە چارەنووسیان کرد.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بە شێوەی یاسایی ئەم دوو هاووڵاتییە مافی ئەوەیان هەیە کە پێوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن و بنەماڵەکانیشیان لە چارەنووسی منداڵەکانیان ئاگادار ببنەوە.

عوسمان موزەیەن ئاماژەی بەوە کردووە ئەم دوو هاووڵاتییە لەکاتێکدا کە بەپێی یاسا مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەریان هەیە، لەم مافە بێبەری کراون. ناوبراو لەم نامەیەدا بۆ دادستانی، خوازیاری ڕەچاوکردنی مافی شارۆمەندی و یاسایی ئەم دوو هاووڵاتییە بووە.

بەرەبەیانیی ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی شۆڕش ئەبووبەکری، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی سەردەشت ناوسراو بە "شۆڕەسوار" و بە بێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

شۆڕش ئەبووبەکری، ئامادەکار، بێژەر و ژەنیاری تار و گۆرانیبێژی ناسراوی سەردەشت، لە بواری ئەدەب و هونەرە. ناوبراو خاوەنی فێرگەیەکی مۆسیقا بە ناوی "ئاوای کورد" لە سەردەشتە، کە ماوەی ٦ ساڵ پێش موڵەتەکەی هەڵوەشاوەتەوە.

ئەو هونەرمەندە کوردە لە دوایین گرتەی ڤیدیۆییدا کە لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی بە زمانی کوردی و ڕۆژێک پێش لە دەسبەسەرکرانی بڵاوی کردبووەوە، باسی لە بەربەستە حکوومەتییەکان و هەوڵەکان بۆ پێشگرتن لە چالاکییەکانی لە بواری هونەر و وێژەی کوردی لە دوو دەیەی ڕابردوودا کردبوو.