سادق مەحموودنژاد، خۆپیشاندەری برینداربووی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا

04:16 - 13 بەفرانبار 2723

ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی بەفرانبار، سادق مەحموودنژاد، خۆپیشاندەری خەڵکی پیرانشار کە چاوی بریندار بووە، پاش بانگهێشتکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای ئەم شارە، دەسبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ماوەیەک پێش، ئەم خۆپیشاندەرە لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بۆ تۆمەتەکانی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە پێنج ساڵ و ٦ مانگ، زیندان مەحکووم کرابوو.

هەروەها گەلاوێژی ئەمساڵیش، ئەم خۆپیشاندەرە لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان و هاندانی خەڵک بۆ نواندنی توندوتیژی لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە"، بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٣٠ قامچی مەحکووم کرا و پاش ناڕەزایەتیدەربڕین، ئەم حوکمە بۆ پێبژاردنی ٨ میلیۆن تمەن سزای نەختی گۆڕدرا.

ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، سادق مەحموودنژاد، خۆپیشاندەری خەڵکی پیرانشار کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا چاوی بریندار ببوو، بە بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی  لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

ئەم خۆپیشاندەرە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم خۆپیشاندەرە و دەسبەسەریان کرد.

سادق مەحموودنژاد، کاتژمێر ١١ی شەوی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە گۆڕەپانی "مامۆستا هەژار"ی پیرانشاردا و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان چاوی بەتوندی بریندار بوو.

ئەم خۆپیشاندەرە بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکی ساچمەیی، بەتوندی بریندار بووە و تۆڕی چاوی چەپی دڕاوە و هێزی بینایی چاوی ٢٠ لەسەدە.

سادق مەحموودنژاد، چەندین جار لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ، فارابیی تاران و ئیمام سەجادی ڕامسەر، نەشتەرگەریی بۆ کراوە.

سادق مەحموودنژاد، تەمەنی ٢٣ ساڵە، خەڵکی گوندی "جەڕان"، سەر بە شاری پیرانشارە، خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.