سزای بەندکرانی ئازاد خانچەزەڕ، چالاکی کرێکاری و کۆمەڵایەتی بۆ سزای نەختی گۆڕدرا

12:52 - 3 رێبەندان 2723

سزای ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیریی ئازاد خانچەزەڕ، چالاکی کرێکاری و کۆمەڵایەتیی خەڵکی مەریوان، لەسەر بڕیاری پزیشکی دادوەریی پارێزگای سنە، بەهۆی نەبوونی توانایی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی بەندکران، لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ سزای نەختی گۆڕدرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە لەو پەیوەندییەدا، ڕایگەیاندووە؛ لە بارودۆخێکدا کە خەریکی وەرگرتنی چارەسەر بە تێچووی زۆرەوەم، ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕێبەندان بۆ پێشگرتن لە جێبەجێیکرانی حوکمەکەم، ناچار بە پێبژاردنی سزای نەختی کرام.

لقی چواری دادگای پێداچووونەوەی پارێزگای سنە، ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، بە ڕەتکردنەوەی داوای پێداچوونەوە بە حوکمی ئەم هاووڵاتییەدا، حوکمی دەرکراوی پشتڕاست کردەوە.

دادگای ئینقلابی مەریوان بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیتلاعاتی ئەم شارە، ئازاد خانچەزەڕی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی دنیا مەجازییەوە"، بە شەش مانگ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکرانی پێشوو، مەحکووم کردبوو.

ئازاد خانچەزەڕ، ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە، یەکی ڕەشەمە،ی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە لە زیندانی مەریوان ئازاد کرابوو.