ڕوونبوونەەوەی شوناسی ٦ کەس لەو کۆڵبەرانەی کە لەلایەن هێزە سنوورییەکانی تەوێڵەوە بێڕێزیان پێ کرابوو و لێیان درابوو

03:08 - 2 رێبەندان 2723

ڕۆژی ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٢، ڤیدیۆیەک لە توندوتیژیی هێزە سنوورییەکان لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی خەڵكی جوانڕۆ و مەریوان لە سنووری "تەویڵە" بڵاو بووەوە کە ئەم هێزانە وێڕای توندوتیژی، سەری ئەم کۆڵبەرانەشیان تاشیبوو.

ناو و شوناسی ٦ کەس لەم کۆڵبەرانە کە بەدستی کوردپا گەیشتووە، بریتین لە:

١ـ سەرکەوت شێرزاد، تەمەن ١٩ ساڵ کە ڕان، دەست، نێوقەد و سەری بریندار بووە.

٢ـ شۆڕش نەسروڵڵا، تەمەن ١٦ ساڵ کە لاق، ڕان، ددان و لووتی بریندار بووە.

٣ـ  ئارش تەپ، تەمەن ٢٣ ساڵ کە لاق  بریندار بووە.

٤ـ سەبوور مەعرووفی تەمەن ١٧ ساڵ کە ڕان، پشت و ژێرچاوی بریندار بووە.

٥ـ ڕێبین تاڵەبانی، تەمەن ١٦ ساڵ کە باسک، پشت و لاقی بریندرا بووە.

٦ـ پەیام دەهون تەمەن ١٦ ساڵ کە جەستەی شین هەڵگەڕاوە.

ئەم کۆڵبەرانە کە خەڵکی جوانڕۆ و کانی دیناری مەریوانن یەک شەو بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە ئاو و خواردن، لەلایەن هێزە سنوورییەکانی "تەوێڵە"ەوە دەسبەسەر کراون و هەموویان سەریان تاشراوە و بێڕێزییان پێ کراوە.

لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکەدا یەکێک لە کۆڵبەرەکان دەڵێ هێزە سنوورییەکان لەسەر زەوییەکە ڕایانکێشاون و بەتوندی بریندرایان کردوون، دواتریش سەریان تاشیون و بێڕێزییان پێ کردوون. یەک شەویش بە بێ ئاو و خواردن ڕایانگرتوون.

لە بەشێکی دیکە لە ڤیدیۆکەدا کۆڵبەرەکان بەشگەلێک لە جەستەی خۆیان کە بریندرا بووە، نیشان داوە.

سنووری تەوێڵە، لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان کوردستانی ئێران و عێراقدایە.