دەسبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بۆکان

03:04 - 2 رێبەندان 2723

سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "مستەفا سامی"، "هەژار ئەحمەدی‌ئازەر" و "سیروان سێپێهری"، خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی بەفرانبار، مستەفا سامی و سیروان سێپێهری بە بێ بەڵگەی یاسایی و لە ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی بەفرانباریش، هەژار ئەحمەدی‌ئازەر تەمەن ٥٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "ناچیت"، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کراوە.

دەسبەسەرکرانی ئەم کەسانە هاوکات لەگەڵ توندوتیژی بووە و مۆبایل و هەندێ کەلوپەلی تاکەکەسیشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی ئەم سێ هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.