سینا دەشمیر بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا

03:00 - 2 رێبەندان 2723

ڕۆژی یەکشەممە، یەکی ڕێبەندان، سینا دەشمیر، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "گەزگەسک"، سەر بە شاری پیرانشار، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران، ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەمیر ئوجاقلوو" بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٤٠ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "دروشم نووسین و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، بە ٣٥ ساڵ بەندکران سزا درابوو.

هەروەها سینا دەشمیر لە دۆسییەیەکی دیکەدا سەبارەت بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و تەناهیی گشتی"، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو"، سزای سێ مانگ بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچی بە دوور لە چاوی خەڵک و لە شوێنێکی بەستراو جگە لە دەموچاو و سەر، بە پێبژاردنی ٥٠ میلیۆن ڕیال سزای نەختی بە ناوی سندووقی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران گۆڕدرا.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەم لاوە کوردە بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە کوردەی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرابوو.