پیرانشار؛ دەسبەسەرکرانی لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

11:35 - 30 بەفرانبار 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی بەفرانبار، لاوێکی کورد بە ناوی "حامد بێهراج"، تەمەن ٢٠ ساڵ و کوڕی جەلال، خەڵكی گوندی "سەرینچاوێ"ی سەر بە شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاتژمێر ٣ و ٣٠ خولەکی سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم لاوە کوردە پاش دەسبەسەرکران، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی حامد بێهراج، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.