ئیلام؛ ساسان چەمەن‌ئارا، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەسبەسەر کرایەوە

21:02 - 27 بەفرانبار 2723

ساسان چەمەن‌ئارا، هونەرمەندی کوردی خەڵکی ئیلام  و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ئیلام دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٢، سێ کەس لە هیزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ساسان چەمەن‌ئارا و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامیان ڕاگواستووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێ: ئەم دەسبەسەرکرانە بەمەبەستی دۆسییەسازی و وەپاڵدانی تۆمەتی نوێ دژی ساسان چەمەن‌ئارایە.

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ساسان چەمەن‌ئارا، پاش ١٠٩ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا، لە بەندیخانەی تارانی گەورە ئازاد کرا.

ئەم هونەرمەندە ٣٣ ساڵەیە، بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن لقی ٢٩ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەید عەلی موزڵووم"، بە ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ساسان چەمەن‌ئارا، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و تەنیا لە کاتی دادگادا بینیویەتی.

پارێزەری ئەم هونەرمەندە پێش لە کۆبوونەوەی دادگا تەنیا یەک جار مافی دەسپێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ساسانی بووە و لە کۆبوونەوەی دادگادا دەرفەتی بەرگری لە ناوبراوی پێ نەدراوە.

ساسان چەمەن‌ئارا، ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠١، بە هۆی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا، ناوبراو بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لە گرتنگەی "یەک ئەلف"ی ئیتلاعاتی سپا و ١٨ ڕۆژیش لە بەندی "٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین" کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتە لە دەسبەسەریدا بووە.

ئەم هونەرمەندە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا ئەشکەنجە دراوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە نەشیاوی هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرابوو و پاش یەک مانگ دەسبەسەرکران یەک جار پێوەندییەکی تلفۆنیی یەک خولەکیی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتبوو.

ناوبراو پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی تارانی گەورە کرابوو و بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لەمەڕ دۆخی خۆی و دەسپێڕانەگەیشتن بە درمان، مانی لە خواردن گرتبوو.