حوکمی لەسێدارەدرانی داوود عەبدوڵڵاهی، زیندانیی عەقیدەتیی کورد هاوکات لەگەڵ ٧ـەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی ناوبراو، جێبەجێ کرا

21:24 - 12 بەفرانبار 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی بەفرانبار، داوود عەبدوڵڵاهی، زیندانیی عەقیدەتیی کورد، پاش ١٤ ساڵ زیندان، لە زیندانی قزڵحساری کەرەج لە سێدارە درا.

 بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەم زیندانییە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە و گوازراوەتەوە بۆ مەهاباد.

ئەم زیندانییە عەقیدەتییە کوردەی خەڵکی مەهاباد، لە ڕۆژی سێشەممە، ٥ی بەفرانبارەوە و دوابەدوای ڕاگوێزرانی بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدرانەکەی، مانی لە خواردن گرتبوو.

پاش ١٤ ساڵ زیندان، حوکمی لەسێدارەدرانی دوو کەس بە ناوەکانی قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی کە دۆسییەکەیان لەگەڵ داوود عەبدوڵڵاهی هاوبەش بوو، لە ڕۆژەکانی ١٤ی خەزەڵوەر و ٨ی سەرماوەز لە زیندانی قزڵحساری کەرەج، جێبەجێ کرا.

داوود عەبدوڵڵاهی، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٨٨ لەگەڵ شەش هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەنوەر خزری، ئەیووب کەریمی، فەرهاد سەلیمی، کامران شێخە و خەسرەو بەشارەت، خەڵكی سەقز و مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ ماوەی ٨ مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ لێپرسینەوەیان لێ کرا.

ئەم ٧ زیندانییە عەقیدەتییە کوردە، پاشان ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کران و پاش ٦ مانگ لێپرسینەوە ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١، ڕەوانەی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کران.

ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٤، ئەم ٧ زیندانییە کوردە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان" و "افساد فی‌الارض"، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەقیسە"، بە لەسێدارەدران مەحکووم کران و ئوم حوکمە ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندرا.

پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی ئەم ٧ زیندانییە، ئەم حوکمە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٥ لە دیوانی باڵای وڵاتدا ڕەت کرایەوە و بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕەوانەی لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵواتی" کرا.

جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٧، ئەم ٧ زیندانییە، بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض" و تاوانە پێوەندیدارەکان بە ئەمنییەتی نەتەوەیی بە لەسێدارەدران مەحکووم کران و سەرەڕای پێشێلکردنی پرەنسیپەکانی دادڕەسیی دادپەروەرانە، ڕۆژی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٨، لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵات، حوکمە دەرکراوەکان دژی ئەم ٧ کەسەی پشتڕاست کردەوە و لە خەرمانانی ١٣٩٩دا، لقی ٣٨ی دیوانی باڵای وڵاتدا داواکارییەکەی بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕەت کردەوە.

ئەم ٧ زیندانییە، گەلاوێژی ئەمساڵ، پاش داخرانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ڕەوانەی زیندانی قزڵحسار کران.