بەندیخانەی ورمێ؛ بەندکراوێک کە سزای بڕینەوەی قامکەکانی بەسەردا سەپابوو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

20:38 - 27 بەفرانبار 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی بەفرانبار، ئەمیر شەهبازی، بەندکراوی کورد کە سزای بڕینەوەی قامکی دەستی بەسەردا سەپابوو، لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ورمێ بە خواردنی حەب کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە تەمەن ٣٧ ساڵەی خەڵکی ورمێ، بەو هۆیەوە کە درەنگ گەیەندراوەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەمیر شەهبازی ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی بەفرانبار بە فەرمانی شۆرانی ئینزیباتیی بەندیخانەی ورمێ و بەو بیانوویە کە مۆبایلی پێوە گیراوە، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەم بەندکراوە بە بەرپرسەکانی بەندیخانەکەی ڕاگەیاندبوو کە ئەگەر بمگوازنەوە بۆ ژووری تاکەکەسی، خۆم دەکوژم.

ئەمیر شەهبازی، ساڵی ١٣٩٥ بە تۆمەتی "دزیکردن"، دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دادگای سزاکانی ورمێوە سزای بڕینەوەی ٤ قامکی دەستی ڕاستی بەسەردا سەپا.