هاووڵاتییەکی کورد بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا

16:27 - 27 بەفرانبار 2723

ڕۆژی شەممە، ٢٣ی بەفرانبار، ئومید ئەحمەدڕەش، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "لکبن"، سەر بە شاری پیرانشار پاش بانگکران بۆ لقی یەکی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.

ئەم هاووڵاتییە پیشتر بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە ١٥ مانگ بەندکران سزا درابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.