دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە پیرانشار

03:08 - 27 بەفرانبار 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "بێهزاد محەممەدی"، تەمەن ٣٠ ساڵ،  کوڕی موراد و خەڵکی گوندی "قرووچاوێ" سەر بە شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

 بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی محەممەدی بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکەیان هیچ ئاکامێکی نەبووە.

بێهزاد محەممەدی خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەلاح عوسمانی"، خەڵکی گوندی "خراپە" و دانیشتووی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.