پیرانشار؛ دەسبەسەرکرانی سەلاح عوسمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

03:04 - 27 بەفرانبار 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەلاح عوسمانی"، خەڵکی گوندی "خراپە" و دانیشتووی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، کاتژمێر ١:٣٠ خولەکی شەوی سێشەممە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی سەلاح عوسمانی، دەستیان بەسەر مۆبایلی ناوبراودا گرتووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سەلاح عوسمانی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ساڵی ١٤٠٠، ئەم هاووڵاتییە لە دادگای ئینقلابی پیرانشاردا سەبارەت بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بێتاوان ناسرابوو.

ڕۆژی دووشەممە، یەکی خەرمانانی ١٤٠٠، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی، لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرابوو.

سەلاح عوسمانی ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەمە ٢٨ی گەلاوێژی هەمان ساڵ لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی نەغەدەوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.