سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێکی خەڵکی سەقز لە بەندیخانەی هەمەدان جێبەجێ کرا

02:56 - 27 بەفرانبار 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی بەفرانبار، سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێک بە ناوی "ئەکرەم کەریمپوور"، کوڕی عومەر و خەڵکی سەقز، لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کرا.

ئەم بەندکراوە تەمەن ٤٠ ساڵە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بەفرانبار، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی هەمەدان کرابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم بەندکراوە سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر و دواتر لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.

ئەم بەندکراوە خێزاندار بووە و دوو منداڵ بە ناوەکانی "ئاکام و ئاتێنا"ی هەبووە.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.