کوژران و برینداربوونی ٣٤١ کۆڵبەر لە ساڵی ٢٠٢٣/ ٢٢ کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە

21:17 - 12 بەفرانبار 2723

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ٣٤١ کۆڵبەر لە ساڵی ٢٠٢٣دا کوژراون و بریندار کراون کە ٢٢ کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.

کوژراو: ٣٢ حاڵەت

بریندار: ٣٠٧ حاڵەت

بێسەروشوێن: ٢ حاڵەت

چاوخشاندنێکی گشتی؛

٨٧٪ی ئەم کۆڵبەرانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار کراون.

٤٪ی ئەم کۆڵبەرانە لە ئاکامی لێدان و توندوتیژیی هێزە نیزامییەکاندا بریندار کراون.

کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی و تەقینەوەی مین، بە ڕیز بە ٣.٥٪ و ١.٥٪، لە پلەی سێهەم و چوارەمدان.

کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بە هۆی سەرمابردوویی، ڕاوەستانی دڵ، بەربوونەوە لە بەرزایی و بێسەروشوێنبوون هەرکام بە کەمتر یا زیاتر لە یەک لەسەد، ئەم ئامارە پێدێنن.

هاوکات لەگەڵ ئەمەش، ١٦ کۆڵبەر لە جاددەکان و ڕێگاکانی ڕۆیشتن بۆ کۆڵبەری بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ کوژراون و بریندار کراون.( ٣ کوژراو و ١٣ بریندار)

شێوازی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران:

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ئێران: ٢٩٧ حاڵەت

لێدان و توندوتیژیی هێزە نیزامییەکان: ١٦ حاڵەت

تەقەی هێزە نیزامییەکانی عێراق: ١ حاڵەت

بەربوونەوە لە بەرزایی: ١٢ حاڵەت

تەقینەوەی مین: ٥ حاڵەت

سەرمابردوویی و گیرۆدەبوون لە بەفر و بۆران: ٣ حاڵەت

ڕاوەستانی دڵ لە کاتی کۆڵبەریدا: ٢ حاڵەت

بەربوونەوە بۆ نێو ڕووبار لە کاتی کۆڵبەریدا: ٢ حاڵەت

بێسەروشوێنبوون: ٢ حاڵەت

کرانەژێرەوە بە ماشینی نیزامی: ١ حاڵەت

ئەو ناوچە سنوورییانەی کە زیاترین رێژەی کوژرانی کۆڵبەریان تێدا تۆمار کراوە:

ناوچە سنوورییەکانی بانە لە پارێزگای سنە بە ٤٩٪ زیاترین قوربانیی کۆڵبەرییان هەبووە.

ناوچە سنورییەکانی نەوسوود لە پارێزگای کرماشان بە ٣٢٪ لە قوربانییانی کۆڵبەری، پلەی دووهەمیان بۆ خۆیان تۆمار کردووە.

لێکدانەوەی ڕێژەی زۆری کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و نەوسوود

ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود؛

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە ڕێژەی زۆری کوژرانی کۆڵبەران لە سنووری نەوسوود بە کوردپای وتبوو: "لە مانگەکانی ڕابردوودا، سنووری نەوسوود بە بەراورد لەگەڵ پێشتر کە کەمێک ئازادتر بوو و کۆڵبەران دەیانتوانی هاتووچۆ بکەن بەسترابوو؛ هەروەها کۆڵبەرێکی زۆریش لە شارەکانی ئیلام، سەرپێڵ، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی ڕوانسەر، شارەکانی کرماشان و ...، بۆ کۆڵبەری دێنە شاری پاوە و سنووری نەوسوود و ئەمە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕێژەی کۆڵبەران لەم سنوورە زۆر بێت."

ناوچەی سنووریی بانە؛ لە هۆکارەکانی زۆربوونی کۆڵبەران تا سیاسەتەکانی حکوومەت کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی کوژرانی کۆڵبەران لە سنوورەکاندا

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە سنووری بانە، هاتوچۆ لەم ناوچە سنوورییە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆڵبەران بە کوردپای وت، هاوردەکردن لە سنووری بانە هەمیشە بووە و جارجار سنوورەکانی ئەم ناوچەیە کەم و زۆر کراوە بوون، بەڵام لە ساڵەکانی دواییدا و بەتایبەت لە ساڵی ٩٥ەوە تاکوو ئێستا ناوچە سنوورییەکانی بانە و بازاڕی گەورەی بانە کە تەنانەت مشتەریی لە شارە گەورەکانی ئێرانیشەوە هەبوو، بە هۆی سیاسەتەکانی حکوومەتەوە بازاڕی خۆی لەدەست داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی کۆڵبەریی قەیرانی ئابووری، هەڵاوسان و نەبوونی توانایی خەڵک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان ڕاگەیاندووە و دەڵێ خەڵکێکی زۆر لە ڕووی ناچارییەوە ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن. کەسانێکیش کە کۆڵبەرییان وەکوو کاری دووهەم هەڵبژاردووە، ئەوانەن کە لە دابینکردنی تێچوووەکانی ژیاندا کێشەیان هەیە. تەنانەت ڕێژەیەکی زۆر لە قوتابییانیش وازیان لە خوێندن هێناوە و ڕوویان لە کۆڵبەری کردووە، ئەوان هۆکارەکە بۆ نەبوونی داهاتوو و چارەنووسی ڕوون لە درێژەدان بە خوێندن دەبینن.

ئەم سەرچاوەیە دەڵێت یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆڵبەران لە سنووری بانە، کراوەبوونی ئەم سنوورە وەکوو تەنیا سنووری کراوەی پارێزگای سنەیە. هەروەها دەڵێ زۆربەی کۆڵبەرەکان خەڵکی بانە نین و لە شارەکانی سەردەشت، پیرانشار، بۆکان، مەهاباد، دیواندەرە، کرماشانن و لەم نێوانەدا کەسانێک لە شارەکانی قەزوێن و زەنجان دەبینرێن. تەنانەت کەسانێکی خەڵکی ئەفغانستانیش هەن کە کاری کۆڵبەری دەکەن.

ئەم ئامارە بە پشتبەستن بە حاڵەتە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە و ڕەنگە ئاماری ڕاستەقینە لەمە زیاتر بێت.

ئامادەکردن: ئەوین مستەفازادە