عادڵ پیرووزی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

20:59 - 25 بەفرانبار 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی بەفرانبار، عادڵ پیرووزی، زیندانیی سیاسیی پیشووی خەڵکی گوندی "سەردۆش"، سەر بە شاری مەریوان، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، عادڵ پیرووزی، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی گوندی "سەردۆش"ی مەریوان، پاش بانگهێشتکران بۆ ئیتلاعاتی ئەم شارە دەسبەسەر کرا و ڕيوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە کرا.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری بانگهێشتکران و دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٩، ئەم زیندانییە سیاسییەی پێشوو هاوکات لەگەڵ تەشەنەسەندنی کۆرۆنا، لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا.

عادڵ پیرووزی، خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٧، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، دەسبەسەر و پاش دوو مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا.

ئەم لاوە کوردە هەر بەم تۆمەتە لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و زستانی ساڵی ١٣٩٨یش بە مەبەستی جێبەجێکرانی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا.