دوورخرانەوەی پەرهام پەروەری لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بۆ زیندانی ئێرانشار

11:22 - 24 بەفرانبار 2723

ڕۆژی شەممە، ٢٣ی بەفرانبار، پەرهام پەروەری، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی ئێرانشار، دوور خرایەوە.

کەسێکی نزیک لەم زیندانییە، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت: پەرهام بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی و بەشێوەی نهێنی لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی ئێرانشار دوور خراوەتەوە.

سەرماوەزی ئەمساڵ، حوکمی زیندان و دوورخرانەوەی پەرهام پەروەری لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.

پەرهام پەروەری لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد"، بە ١٠ ساڵ دوورخرانەوە بۆ زیندانی جاسک لە پارێزگای هورموزگان و پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەم حوکمە ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی جۆزەردان، بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوبوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی جۆزەردان، دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی پەرهام پەروەری، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزادە" بەڕێوە چوو و ناوبراو بە بوونی پارێزەرەکەی، مازیار تاتایی سەبارەت بە تۆمەتەکانی "موحاربە" و "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، بەرگریی لە خۆی کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی خاکەلێوە، پەرهام پەروەری خەڵکی سەقز، لە زیندانی تارانی گەورەوە بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی بەفرانباری ١٤٠١، پەرهام پەروەری لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ  زیندانی تارانی گەورە ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بەفرانباری ١٤٠١، پاش تێپەڕینی ٤٦ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ئەندازیار پەرهام پەروەری خەڵکی شاری سەقز، ئیزنی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بەو هاووڵاتییە درا.

مازیار تاتایی، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری پاش خوێندنەوەی دۆسییەی پەرهام پەروەری بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە تۆمەتی "موحاربە"، لە دۆسییەی پەرهام لە شوێنی خۆیەتی.

پاش بڵابوونەوەی هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەمەڕهەڵوەشاندنەوەی تۆمەتی "موحاربە" لە دۆسییەی ئەندازیار پەرهام پەروەری خەڵکی سەقز، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژێکدا، لەگەڵ کوردپا ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئەندازیار "پەرهام پەروەری" خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری تاران دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادسەرای ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا.

"پەرهام پەروەری" دوای حەفتەیەک ڕاگیران لە زیندانی "فەشافوویە" بۆ زیندانی "ئێڤین" گوازرابووەوە.

"پەرهام پەروەری" تەمەنی ٢٥ ساڵە و دەرچووی ئەندازیاریی مێکانیک لە زانکۆی "سەنعەتـ"ـی شاری ورمێیە و "موزەفەر پەروەری" و "سروە سووزەنی" باوک و دایکی پەرهام لە فەرهەنگییانی خانەنشینکراوی شاری سەقزن.

ئەندازیار "پەرهام پەروەری" پلەی سێهەمی مەلەوانیی لە ئاستی ئێراندا هەیە و چەندین خەڵاتی لە ئاستی ناوچەیی و لە بواری خوێندکاری بەدەست هێناوە.

ناوبراو لە شیرکەتێکی ئەندازیاری لە شاری تاران خەریکی کارکردن بووە.