باپیر بەرزە بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا

15:06 - 23 بەفرانبار 2723

ڕۆژی شەممە، ٢٣ی بەفرانبار، باپیر بەرزە، زیندانیی سیاسی خەڵکی گوندی "چیانە"ی پیرانشار، پاش ئامادەبوون لە لقی یەکی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی پیرانشار، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئومیر ئوجاقلوو"، بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەم حوکمە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی جۆزەردان بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٢، لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو"، ئەم هاووڵاتییەی بە تۆمەتەکانی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە ئاڵۆزی، ئاژاوەگێڕی و هەنجارشکێنی لە ڕاستای ئامانجی گرووپە دژبەرەکانی نیزام دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١، باپیر بەرزە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە، یەکی سەرماوەزی ١٤٠١، لە سێڕێیانی پەسوێ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٠، باپیر بەرزە بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرابوو.