ورمێ؛ ئازادیی کاتیی سەیاد دەرویشی بە دانانی بارمتەی یەک میلیاردی

11:59 - 12 بەفرانبار 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی بەفرانبار، سەیاد دەرویشی، برای فەرجاد دەرویشی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ورمێ، پاش نزیک بە دوو مانگ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی یەک میلیاردی و بە شیوەی کاتی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

بە وەی سەرجاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەیاد دەرویشی، لە ماوەی نزیک بە دوو مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ، بەتوندی لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بووە و تووشی دابەزنی کێش بووە. وێنەیەکی فەرجاد دەرویشی لە سەر دەستی سەیاد تاتۆ کرابوو کە لێپرسەکان بە زۆر هەڵیانقەندووە.

سەیاد دەرویشی، نزیکەی دوو مانگە دەسبەسەرە و لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە. لەم ماوەیەدا، بنەماڵەی دەرویشی سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانی بەردەوامیان بۆ ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی ورمێ بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکەیان نە تەنیا وڵامێکیان وەرنەگرتووە و نەیانزانیوە کە بە چ تۆمەتێک و لە کوێ دەسبەسەر کراوە، بەڵکوو هەڕەشەشیان لێ کراوە کە لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکان سەبارەت بە دۆخی کوڕەکەیان، خۆ ببوێرن.

سەیاد دەرویشی، برای فەرجاد دەرویشی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شەقامەکانی ورمێدا دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا.

شەوی سێشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١، فەرجاد درویشی، لاوی تەمەنی ٢٣ ساڵی خەڵکی گوندی "بالوو"، سەر بە ورمێ، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شارەکی وەلیعەسری ورمێ و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا.