سزای لەسێدارەدرانی زیندانییەک لە زیندانی کرماشان جێبەجێ کرا

18:07 - 21 بەفرانبار 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی بەفرانبار، سزای لەسێدارەدرانی زیندانییەک بە ناوی "مەیسەم حەبیبی"، کوڕی محەممەدعابید و خەڵکی شاری نۆدشە، سەر بە شاری پاوە لە زیندانی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم زیندانییە تەمەن ٣٧ ساڵە، ٧ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"، دەسبەسەر و دواتر لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بنەماڵەی کوژراوەکە لەم زیندانییە خۆش نەبوون و سزای لەسێدارەدرانەکەی جێبەجێ کرا.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم زیندانییە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان یان میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.