بانه؛ کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەکانی هەنگی سنووری گیانی لەدەست دا

20:55 - 20 بەفرانبار 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی بەفرانبار، کۆڵبەرێک بە ناوی "میرزا ئەحمەدی"، تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی گوندی " ئەنجێنە"ی بانە، بە تەقەی هێزەکانی هەنگی سنووری لە سنووری "زڵە"ی ئەم شارە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی هەنگی سنووری بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: تەرمی ئەم کۆڵبەرە ڕەوانەی ساردخانەی نەخۆشخانەی بانە کراوە و تاکوو ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

ئەم کۆڵبەرە خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بە ناوەکانی "شینیا و شوانە"یە.

هەر لەم پێوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بەفرانبار، کۆڵبەرێک بە ناوی "شۆڕش خەرگوشی"، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی سەڵماس، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری بانە، گیانی لەدەست دا.