گۆڕستانی شانازی سەقز؛ هێزە ئەمنییەتییەکان بە بنەماڵەی کوژراوانی فڕۆکە ئۆکراینییەکەیان وت: با کوژرابێتن، مافتان نییە پووستێر و بڵیندگۆ دابنێن

17:32 - 19 بەفرانبار 2723

لە چوارەمین ساڵوەگەڕی کوژانی موسافیرەکانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بەفرانبار، بنەماڵەی ڕزگار ڕەحیمی لە گۆڕستانی شانازی سەقز چووبوونە سەر مەزاری کوڕەکەیان کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بێڕێزییەکی زۆریان پێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ناوەندە ئەمنییەتییەکان پێشتر گۆڕستانەکەیان گەمارۆ داوە و هێزەکانیان جێگیر کردوون. کاتێ بنەماڵەی ڕەحیمی کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ گەیشتنە گۆڕستانەکە، هێزە لیباس شەخسییەکان بێڕێزییان بە بنەماڵەکە کرد و وتیان "کوژراون با کوژرابێتن، مافی ئەوەتان نییە پووستێر دابنێن، مافی ئەوەتان نییە بڵیندگۆ دابنێن، جگە لە قورئان مافتان نییە هیچ شتێک بخوێنن". هێزە لیباس شەخسییەکان بێڕێزییان بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکەش کرد.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە جێگیرکرانی هێزە لیباس شەخسییەکان لە گۆڕستانی شانازی سەقز دەڵێ: دەوری گۆڕستانەکە بە ماشینی سەمەندی سپی و بە ژمارەی سنە و هێزی ماتۆڕسوار گەمارۆ درابوو. نێو گۆڕستانەکەش هیزی لیباس شەخسیی لێ بوو و ژنێکیش کە سەر بە لیباس شەخسییەکان بوو لەنێو خەڵکەکەدا بوو.

"ڕزگار ڕەحیمی"، خەڵکی سەقز، هاوسەرەکەی "فەریدەغوڵامی" خەڵكی شاباد و کوڕە ٤ ساڵانەکەیان "ژیوان"، لەگەڵ کۆرپەڵەیەکی چەند مانگەی فەریدە غوڵامی، یەکێک لە بنەماڵە کوژراوەکانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بوون.

تەرمی "ڕزگار ڕەحیمی"، لە گۆڕستانی شانازی سەقز و هەروەها تەرمی "فەریدە غوڵامی" و کوڕە ٤ ساڵانەکەیان "ژیوان" بەو هۆیەوە کە لە کرماشان لەدایک بوون، لە گێڵانغەرب بە خاک ئەسپێردراوە.

فەریدە غوڵامی لیسانسی تەڕاحی سەنعەتیی هەبوو، ساڵی ٨٣ چووەتە زانکۆی عیلم و سەنعەتی ئێران و لە کانادا تێکنێسیەنی کۆمپانیایەکی کارەبا بوو.

فەریدە و ڕزگار ٧ ساڵ پێش، بە بوورسییەی خوێندنی ڕزگار و بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن و وەرگرتنی دوکتۆرا کۆچیان بۆ کانادا کردبوو.