سەردەشت؛ شۆڕش ئەبووبەکری، هونەرمەندی ناسراوی کورد دەسبەسەر کرا

11:54 - 19 بەفرانبار 2723

شۆڕش ئەبووبەکری، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی سەردەشت، ناسراو بە "شۆڕەسوار"، نیوەشەوی شەوی ڕابردوو، بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، کاتژمێر ٣ی نیوەشەوی ١٨ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەتییەکان کە چەکداریش بوون، بە توندوتیژییەوە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی شۆڕش ئەبووبەکری و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هونەرمەندە کوردە بۆ ناوەندە ئەمنییەتیی و دادوەرییەکان، تاکوو ئێستا هیچ وڵامێکیان سەبارەت بە دۆخ و چارەنووسی شۆڕش وەرنەگرتووە.

سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا دەڵین: هۆکاری دەسبەسەرکران و شوێنی دەسبەسەرکرانی ئەم هونەرمەندە کوردە ناڕوونە.

شۆڕش ئەبووبەکری ئامادەکار، پێشکەشکار، ژەنیاری تار و گۆرانیبێژی ناسراوی خەڵکی سەردەشت لە بواری ئەدەب و هونەرە. ناوبراو فێرگەیەکی مۆسیقا بە ناوی "ئاوای کورد"ی لە سەردەشت هەبوو کە ٦ ساڵ پێش ئێستا مۆڵەتەکەی هەڵوەشایەوە.