دەسبەسەرکرانی دوو برا لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە لە سنە

21:32 - 11 بەفرانبار 2723

ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "مورتزا محەممەدی" و "ئیبراهیم محەممەدی"، خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەرلەبانیی ڕۆژی دووشەممە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی مورتزا محەممەدی لە گەڕەکی "حەسەناوا"ی سنە و بە توندوتیژییەوە ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئیبراهیم محەممەدی بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی براکەی، سەردانی لقی یەکی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی سنەی کردووە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو برایە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

مورتزا محەممەدی ڕۆژی دووشەممە، یەکی ڕەشەمەی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

هەر لەم پێوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٤ی بەفرانبار، محەممەدجەعفەر محەممەدی، باوکی مورتزا و ئیبراهیم بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا و لە گەڕەکی "حاجیاوا"ی سنە دەسبەسەر کرا.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: مورتزا و ئیبراهیم محەممەدی