بە دەسبەسەرکرانی مەنسوور نیکزاد، ئیدریس پەرویزی و ئاسۆ محەممەدی لە شنۆ، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئەم شارە گەیشتە ٤ کەس

18:34 - 18 بەفرانبار 2723

بە دەسبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی مەنسوور نیکزاد، ئیدریس پەرویزی خەڵکی گوندی "خانلەر" و ئاسۆ محەممەدی دانیشتووی گەڕەکی "تاچیناوێ"ی شنۆ، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئەم شارە گەیشتە ٤ کەس.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سپا هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم کەسانە و دەسبەسەریان کردوون و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکانی سپا بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییانە و هاوکات لەگەڵ بێڕێزیکردن بە ئەندامانی بنەماڵەکەیان، بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردوون.

پێشتر کوردپا هەواڵی دەسبەسەرکرانی "جبرەئیل ئەحمەدپوور"، تەمەن ٢٧ ساڵ و کوڕی ڕەحمان، خەڵکی گوندی "گردگشانە"ی شنۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سپاوە بڵاو کردبووەوە.

تاکوو ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییانە بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکانیان بێئاکام ماوەتەوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: جبرەئیل ئەحمەدپوور، مەنسوور نیکزاد، ئیدریس پەرویزی، ئاسۆ محەممەدی