ڕاگواستنی فواد فەتحی، چالاکی کرێکاریی بەندکراو لە زیندانی ئێڤین بۆ نەخۆشخانە

00:29 - 18 بەفرانبار 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی بەفرانبار، فواد فەتحی، چالاکی کرێکاریی بەندکراو لە زیندانی ئێڤین بە هۆی چڵککردنی گوێیەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی تاران کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە کرێکارییە پاش پشکنینی پێویست بۆ زیندانی ئێڤین گەڕێندراوەتەوە.

ڕۆژی شەممە، ١١ی سەرماوەز، فواد (سیرووس) فەتحی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەفشاری"، بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری و سزای تەکمیلی مەحکووم کرا.

دادگا، ئەم چالاکە کرێکارییەی بە "ئەندامەتی لە کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هەوڵدان دژی تەناهیی وڵات و پڕوپاگەندە دژی نیزام"، تۆمەتبار و بەپێی حوکمی دەرکراو، ناوبراو بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری، قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران بۆ ماوەی ٢ ساڵ، قەدەغەبوونی ئەندامەتیی ناوبراو لە گرووپ و دەستەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ماوەی دوو ساڵ مەحکووم کراوە.

ڕۆژی شەممە، ١٣ی خەزەڵوەر، فواد فەتحی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا و لەلایەن لێپرسی لقی ٧ی دادسەرای ئێڤینەوە تۆمەتەکەی بۆ ڕوون کرایەوە.

فواد فەتحی لە چالاکانی بە پێشینەی کرێکاریی خەڵکی سنەیە.