سنە؛ مورتزا محەممەدی و ئیبراهیم محەممەدی بە دانانی بارمتە ئازاد کران

00:21 - 18 بەفرانبار 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "مورتزا محەممەدی" و "ئیبراهیم محەممەدی"، خەڵکی سنە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی  کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کران.
 
ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە، ١٦ی بەفرانبار پاش کۆتاییهانی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرابوون.

سەرلەبانیی ڕۆژی دووشەممە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی مورتزا محەممەدی لە گەڕەکی "حەسەناوا"ی سنە و بە توندوتیژییەوە ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

 ئیبراهیم محەممەدی بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی براکەی، سەردانی لقی یەکی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی سنەی کردووە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو برایە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها مورتزا محەممەدی ڕۆژی دووشەممە، یەکی ڕەشەمەی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: مورتزا و ئیبراهیم محەممەدی