بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ؛ سزای لێدانی ٧٤ قامچی بۆ ڕۆیا حێشمەتی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە لە بەشی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای ناوچەی ٧ی تاران جێبەجێ کرا

20:08 - 16 بەفرانبار 2723

سزای ٧٤ قامچیی ڕۆیا حێشمەتی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران کە بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەرکرابوو، لە لقی یەکی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای ناوچەی ٧ی تاران جێبەجێ کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی بەفرانبار، حوکمی قامچیی ئەم ژنە کوردە پاش بانگهێشتکرانی بۆ لقی یەکی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای ناوچەی ٧ی تاران، جێبەجێ کراوە.

ئەم ژنە کە دژی حیجابی زۆرەملێیە، جێبەجێکرانی سزاکەی خۆی گێڕاوەتەوە و لە فەیسبووکی خۆی بڵاوی کردووەتەوە کە دەقی تەواوی گێڕانەوەکە بەم شێوەیە:

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە بەشی جێبەجێکاری سزاکانەوە بۆ جێبەجێکرانی ٧٤ قامچی، پێوەندیان پێوە کردم. پێوەندیم لەگەڵ پارێزەرەکەم گرت و پێكەوە لە دادسەرای ناوچەی ٧ی تاران ئامادە بووین.

کە لە دەرکەوە چووینە ژوورەوە سەرپۆشەکەم لابرد. چووینە نێو هۆڵەکە. دەنگی هاوار و ناڵەی ژنێک لە ڕێگای قادرمەکانەوە دەهات کە خەریکبوون دەیانبردە خوارەوە. ڕەنگە بردبێتیان بۆ بۆ جێبەجێکردنی حوکمی...

پارێزەرەکەم وتی ڕۆیا گیان دیسان بیری لێ بکەوە. ئاسەواری قامچییەکە تا ماوەیەک هەر دەمێنێتەوە.

چووینە لقی یەکی جێبەجێکاری سزاکان. فەرمانبەرەکە وتی سەرپۆشەکەت بەسەردا بدە کە کیشە ساز نەبێت. ئارام و بە ڕێزەوە پێم وت من هاتووم تاکوو هەر بەم بۆنەوە قامچی لێ بدەین، سەرپۆش بە سەرمدا نادەم.

پێوەندییان گرت و هێزی جێبەجێکاری سزا هاتە سەرێ. وتی حیجابەکەت چاک کە و بە دوامدا وەرە. وتم سەرپۆش بە سەرمدا نادەم. وتی نایدەی؟! بە جۆرێک قامچیت لێ دەدەم کە تێبگەی لە کوێی. دۆسییەیەکی نویشت بۆ دەکەمەوە و ٧٤ی دیکەش میوانم بێت، دیسان بەسەرمدا نەدا.

چووینە خوارەوە، چەند کوڕیان بە هۆی خواردنەوە ئەلکوکییەکان هێنابوون. پیاوەکە بە پێداگرییەوە دووپاتی دەکردەوە مەگەر ناڵێم بەسەرتدا بدە؟ نەمکرد. دوو ژنی چارشێو بەسەر هاتن و سەرپۆشەکەیان بەسەرمدا دا. دیسان دەرم هێنا و ئەمە چەند جار دووپات بووەوە. لە پشتەوە دەستبەندیان لێ دام و سەرپۆشەکەیان بەسەرمدا دا.

لە هەمان قادرمەوە کە ژنەکەیان برد، ڕۆیشتینە نهۆمی خوارەوە. ژوورێک بوو لە کۆتایی پارگینگەکەدا. دادوەر و هێزی جێبەجێکاری سزاکە و ژنێکی چارشێو بەسەر لە لام ڕاوەستابوون. ژنەکە بە ئاشکرا، پەرۆش بوو. چەند جار هەناسەی هەڵکێشا و وتی دەزانم. دەزانم.

دادوەرەکە بزەیەکی لێ کردم. بیری پیاوەکەی نێو چیرۆکی بووف کور کەوتمەوە. ڕووم لێ وەرگەڕاند.

دەرکە ئاسنییەکەیان کردەوە. دیوارەکانی ژوورەکە لە چیمەنتۆ بوو. قەرەوێڵەیەک لە کۆتایی ژوورەکەدا بوو کە دەستبەند و پێبەندێکی ئاسنین لە دوو لاوە پێکەوەی لکابوو. کەرەستەیەکی ئاسنین وەکوو کۆڵەکەی بوومی نیگارکێشان بە جێگای دەستبەند و پێبەندی ئاسنینی ژەنگاوی لە نێوەڕاستی ژوورەکە، کورسییەک و مێزێکی بچووک، کە سەر مێزەکە پڕ لە قامچی بوو لە پشتەوەی دەرکەکە بوو. ژوورێکی ئەشکەنجەی سەدەکانی نێوەڕاست بوو.

دادوەر پرسیی خانم چۆنی؟ کێشەیەکت نییە؟ وەک بڵێی هەر نییە، وڵامم نەدایەوە. وتی خانم لەگەڵ تۆمە! دیسان وڵامم نەدایەوە، هێزی جێبەجێکاری سزاکە وتی پاڵتاوەکەت دەر بێنە و لەسەر قەرەوێڵەکە ڕاکشێ. پاڵاتاوەکەم و سەرپۆشەکەم لەسەر کۆڵەکەی بوومی ئەشکەنجەکە هەڵواسی. وتی سەرپۆشەکەت بەسەردا بدە! وتم نایدەم. قورئانەکە بخە ژێر باڵت و لێم بدە و لەسەر قەرەوێلەکە ڕاکشام. ژنەکە هات و وتی تکا ئەکەم، چەنەبەچەنێ مەکە. سەرپۆشەکەی هێنا و بەسەرمیدا دا.

پیاوەکە لە نێوان دەسکە قامچییەکانی پشت دەرکەکە، قامچییەکی چەرمی ڕەشی هینا، دوو جار بە دەوری دەستیدا هاڵاند و هاتە لای قەرەوێڵەکەوە.

دادوەر وتی زۆر توند لێی مەدە. پیاوەکە دەستی پێ کرد. سەرشانەکانم، شان و ملم، پشتم، ڕانم، قاچم، دیسان سەرلەنوێ، لێدانەکانم نەژمارد.

لەژێر لێوەوە دەمگوت بە ناوی ژن، بە ناوی ژیان، دڕا جلی کۆیلایەتی، شەوی ڕەشی ئێمەش دەبێتە ڕۆژ و قامچییەکان دەبن بە تەور...

تەواو بوو. هاتینە دەرەوە. نەمهێشت وابزانن تەنانەت ئازارم پێ گەیشتووە. بچوکتر لەم قسانەن. چووینە سەر بۆ لای دادوەری جێبەجێکاری سزاکە. ژنەکە لە دوامەوە دەهات و ئاگای لێ بوو سەرپۆشەکەم نەکەوێ. لە بەر دەرکەکە سەرپۆشەکەم فڕی دا. ژنەکە وتی تکا دەکەم بەسەرتدا دە، نەمکرد و دیسان بەسەریدا دام. لە ژووری دادوەرەکەدا، دادوەر وتی ئێمە خۆشمان خۆشحاڵ نین لەم شتە، بەڵام سزایە و دەبێ جێبەجێ بکرێ. وڵامم نەدایەوە. وتی ئەگەر ئەتەوێ بە شێوازێکی دیکە بژیت، دەتوانی لە وڵات بچیت. وتم ئەم وڵاتە بۆ هەموومانە. وتی بەڵێ بەڵام دەبێ یاسا ڕەچاو بکەین. وتم یاسا کاری خۆی بکات، ئێمە درێژە بە بەرخۆدانی خۆمان دەدەین.

لە ژوورەکە هاتینە دەرەوە و سەرپۆشەکەم لابرد.

سپاس بۆ ئاغەی تاتایی ئازیز. ئەگەر هاوڕێیەتیی ئێوە نەبووایە ئەم ڕۆژانە سەخت دەبوون و داوای لێبوردن دەکەم کە بریگرتەیەکی گوێڕایەڵ نەبووم. دڵنیام مرۆڤێکی گەورەی وەک تۆ تێدەگات. سپاس بۆ هەموو شتێک.