هێزە ئەمنییەتییەکان ڕێگرییان لە سەفەری حەسەن ئەمینی و هاشم حوسێن‌پەناهی بۆ قەتەر کرد

19:59 - 16 بەفرانبار 2723

هێزە ئەمنییەتییەکان لە فڕۆکەخانەی "خومەینی"ی تاران، پێشیان بە سەفەری حەسەن ئەمینی، کەسایەتیی ئایینیی کوردستان و هاشم حوسێن‌پەناهی، چالاکی مەزهەبیی کورد گرت کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە شەشەمین کۆڕی گشتیی سەندیکای جیهانیی مامۆستایانی ئایینیی موسڵمان، خەریکی ڕۆیشتن بۆ وڵاتی قەتەر بوون.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی پێشیان بە سواربوونی حەسەن ئەمینی و هاشم حوسێن‌پەناهی بۆ نێو فڕۆکەکە گرت و بە وەرگرتنی پاسپۆرتەکانیان نەیانهێشت سەفەر بکەن.

نووسینگەی مەحکەمەی شەرعی کوردستان ڕایگەیاندووە: "بە سەرنجدان بەوەی کە هیچ هۆکارێکی یاسایی بۆ پێشگرتن لەم سەفەرە نییە و ئەوان پێشتر دۆسییەی دادوەرییان نەبووە لەلایەن هیچ ناوەندێکی دادوەرییەوە چوونەدەرەوەیان قەدەغە نەکراوە، ئەم کردەوە سەرەڕۆیانەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان هیچ پاساوێکی شەرعی و یاسایی نییە."

دەقی بەیاننامەکەی مەحکەمەی شەرعی کوردستان سەبارەت بە پێشگرتن لە سەفەری حەسەن ئەمینی و هاشم حوسێن‌پەناهی بۆ وڵاتی قەتەر و دەستداگرتن بەسەر پاسۆرتەکانیان، بەم چەشنەیە:

بە ناوی خوای میهرەبان

دوابەدوای بانگهێشتی سەندیکای جیهانیی مامۆستا ئایینییە موسڵمانەکان لە حاکم شەرعی کوردستان، مامۆستا کاک حەسەن ئەمینی وەکوو ئەندامی سەندیکاکە، بۆ بەشداریکردن لە شەشەمین کۆڕی گشتیی ئەم سەندیکایە، کە لە ١٦ هەتا ٢١ی بەفرانبار لە وڵاتی قەتەر بەڕێوە دەچێ، ناوبراو بە مەبەستی بەشداریکردن، ڕێگەی سەفەری گرتە بەر.

بە سەرنجدان بە تەمەنی زۆر و دۆخی جەستەیی ناوبراو، کاک هاشم حوسێن‌پەناهی، لە قوتابییەکانی ناوبراویش، تەنیا وەکوو هاوسەفەر، لەگەڵ ناوبراو بوو.

بەڵام لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی ئیمام خومەینی، سەرەڕای تێپەڕاندنی هەموو قۆناغە یاساییەکان و لێدرانی مۆری چوونەدەرەوە لە وڵات لەسەر پاسپۆرت و وەرگرتنی کارتی پەرواز و ڕادەستکردنی جانتا بۆ بەشی بارەکان، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە و بە بێ هیچ هۆکار و بەڵگەیەک، پێشیان بە سواربوونیان گرت و نەیانهێشت سەفەر بکەن و پاسپۆرتەکانیشیان لێ وەرگرتن.

بە سەرنجدان بەوەی کە هیچ هۆکارێکی یاسایی بۆ پێشگرتن لەم سەفەرە نییە و ئەوان پێشتر دۆسییەی یاساییان نەبووە و لەلایەن هیچ  ناوەندێکی دادوەییەوە چوونەدەروەیان قەدەغە نەکراوە، ئەم کردەوە سەرەڕۆیانەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان هیچ پاساوێکی شەرعی و یاسایی نییە.

نووسینگەی مەحکەمەی شەرعی کوردستان

١٦ی بەفرانباری ١٤٠٢