وەفا ڕەسووڵی‌ئازەر بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا

19:27 - 15 بەفرانبار 2723

ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی بەفرانبار، وەفا (عەبدوڵڵا) ڕەسووڵی‌ئازەر، تەمەن ٢٢ ساڵ و کوڕی حوسێن، خۆپیشاندەری خەڵکی پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٢، ئەم خۆپیشاندەرە لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قارەمانی ساعەتلوو"، بە ١١ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری بۆ تۆمەتی "ئاگرتێبەردانی بەئەنقەستی بەنێری ئیتلاعات"، ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری بۆ تۆمەتی "گوێنەدان بە هێزەکانی دەوڵەت" و ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٤٠ قامچیی تەعزیری لە شوێنێکی بەستراو و بە دوور لە چاوی خەڵکی جگە لە سەر و دەموچاو بۆ تۆمەتی "بەشداری لە تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" مەحکووم کرا.

وەفا ڕەسووڵی ئازەر، ‌هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١ ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم لاوە کوردە، پاش دوو مانگ لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا و ڕۆژی هەینی ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.