جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدرانی پێنج زیندانی لە زیندانی ناوەندیی کەرەج

11:54 - 14 بەفرانبار 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بەفرانبار، حوکمی لەسێدارەدرانی پێنج زیندانی بە ناوەکانی "مەسعوود ڕۆستەمی، مەنووچێهر(حوجەتوڵڵا) عوقابی، داریووش شوکرزادە، ناوخاس مەلەکی (مەلەک زادە) و ئەفشین محەممەدی"، خەڵکی پارێزگای کرماشان، لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.

بەرپرسی گشتیی دادگوستەری پارێزگای ئەلبورز، لە پێوەندی لەگەڵ لەسێدارەدرانی ئەم زیندانییانەدا ڕایگەیاند کە ئەم ٥ زیندانییە، بە تۆمەتەکانی "دزیکردن لە ڕێگەی باند و بە شێوەی چەکدارانە کە بووەتە هۆی نائەمنبوونی ڕێگاکان و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکدا و هەروەها زیانگەیاندن بە کەلوپەلی خەڵک"، لەلایەن داداگای ئینقلابی کەرەجەوە بە لەسێدارەدران مەحکووم کراون و حوکمەکەیان لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست و داواکاریی کۆتاییەکەشیان لە دیوانی باڵای وڵاتدا ڕەت کراوەتەوە.

ئەم پێنج زیندانییە، ڕۆژی شەممە، ٩ی بەفرانبار، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکانیان، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی کەرەج کرابوون.

ئەم پێنج زیندانییە خەڵکی شارەکانی شاباد، کرێند و بێستوون سەر بە پارێزگای کرماشان بوون.