بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی محەممەدتاهیر حوسێن‌پوور لە زیندانی نەغەدە

02:20 - 14 بەفرانبار 2723

محەممەدتاهیر حوسێن‌پوور، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی نەغەدە، پاش ٤ مانگ دەسبەسەرکران، هەروا چارەنووسی ناڕوونە و لە زیندانی نەغەدەیە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: محەممەدتاهیر حوسێن‌پوور پاش ٤٠ ڕۆژ لێپرسینەوە کە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، یەکی خەرمانان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کرد.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی محەممەدتاهیر حوسێن‌پوور زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕەزبەری ١٤٠٠، محەممەدتاهیر حوسێن‌پوور بە تۆمەتەکانی "تێکدانی کەلوپەلی گشتی" و "بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی گەلاوێژی ١٤٠٠ی خەڵکی نەغەدە"، لەلایەن دادگای ئینقلابی نەغەدەوە بە ١٥ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٠، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا.