چیرۆکی ئاگادارینامەی پرسەی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد/ بە بێ ئادرەسی گۆڕستان و مزگەوت

12:56 - 11 رێبەندان 2723

ئاگادارینامەی پرسەی چوار بەندکراوی سیاسیی کوردی لەسێدارەدراو نیشاندەری جۆرێکی تر لە سەرکوتی حکوومەتی دژی ئەوانە. یەکەم ئەوەیکە تەرمی ئەم چوار کەسە ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە تاکوو ئادرەسی گۆڕستانی لەسەر بنووسرێ و شوێن و مەزارەکەیان نیشان بدات.

دووهەم ئەوەی کە ئادرەسی هیچ مزگەوتێک وەکوو باقی ئاگادارینامەکانی پرسە لەسەری نییە، چونکە ناوەندە ئەمنییەتییەکان پێشیان بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسەی ئەم بەندکراوانە لە مزگەوتەکاندا گرتبووە.

سێهەم ئەوەی کە لە هیچکام لە کاناڵەکانی پێوەندیدار بە پرسەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکی دەکەن، ئاگاداریی پرسەی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە نابینرێ، چونکە لەلایەن حکوومەتەوە ڕێگری و سەرکوت هەیە.

هەموو ئەم خاڵانە لە ڕیزی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەپاندنی ئازاری چەند قات بۆ سەر بنەماڵەی ئەم کەسانە جێگە دەگرێ و دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی فەرماندەر و هۆکاریەتی.

ڕۆژی دووشەممە، ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، چوار زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسن مەزڵووم، وەفا ئازەربار، پژمان فاتحی و محەممەد فەرامەرزی پاش ١٩ مانگ بێسەروشوێنبوون و یەکەمین و ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە سێدارە دران.

ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، مانگرتنێکی سەرتاسەری لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بە نیشانەی مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی ئەم چاور زیندانییە سایسییە کوردە بەڕێوە چوو و خەڵک هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییانە ڕاگەیاند.