دۆخی کۆڵبەرێکی کورد لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان ناجێگیرە

12:54 - 11 رێبەندان 2723

دۆخی گشتیی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "جەبار وەیسی"، کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری نەوسوود بەتوندی بریندار کرابوو، لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کۆڵبەرە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت سەر و دەموچاوی بریندار بووە و لە بەشی ئای سی یووی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان خەوێندراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تەرکشی ساچمەکان چوونەتە نێو مێشکی ئەم کۆڵبەرەوە و دۆخی ناوبراو ناجێگیرە.

جەبار وەیسی، خەڵکی گوندی "جۆجار"، سەر بە شاری سەلاسی باوەجانییە کە شەوی دووشەممە، ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری نەوسوود بەتوندی بریندار بوو.