سەلمان ئەفرا بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا

20:49 - 9 رێبەندان 2723

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕێبەندان، سەلمان ئەفرا، زیندانیی سیاسیی پێشوو و خەڵکی گوندی "نێ"ی مەریوان، پاش دەسبەسەرکران ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٠ ساڵە، پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک بەندکران مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ چوار مانگ کەم کرایەوە و ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ناوبراو بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی، ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی خاکەلێوی ١٤٠٠، ئەو لاوە مەریوانییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرابوو.

سەلمان ئەفرا کە پێشینەی سزادرانی یاسایی هەیە، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٩، لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرابوو.

ئەو لاوە کوردە، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لە دادگای سەرەتاییدا بە ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری مەحکووم کرابوو کە دواتر ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا، بۆ ١ ساڵ بەندکرانی تەعزیری گۆڕدرابوو.