مەسعوود شەمس‌نژاد، پارێزەری چوار بەندکراوی سیاسیی کورد؛ بریگرتەکانم لەگەڵ بانگدانی بەیانی لە سێدارە دران و ڕەتکردنەوەی قیساسی پێش لە جینایەت گاڵتە نییە

20:47 - 9 رێبەندان 2723

مەسعوود شەمس‌نژاد، پارێزەری چوار بەندکراوی سیاسیی کوردی لەسێدارەدراو لە دژکردەوە بە لەسێدارەدانی ئەو زیندانییانە لە لاپەڕەی ئیکسی خۆیدا نووسیویەتی؛ "بریگرتەکانم، پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار، محەممەد فەرامەرزی و موحسن مەزڵووم لە کاتی بانگدانی بەیانی لە سێدارە دران و ئەمە لەکاتێکدایە کە هەر دوو بڕیاری سەرەتایی و کۆتایی باس لەوە دەکات کە تۆمەتلێدراوان پێش لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆن دەسبەسەر کراون، ڕەنگە ڕەتکردنەوەی دەستەواژەی قیساسی پێش لەئەنجامدانی جینایەت گاڵتەیەک زیاتر نەبوو کە باوەڕمان پێی بوو."

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی ڕێبەندان، حوکمی لەسێدارەدانی موحسن مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتحی، چوار زیندانیی سیاسیی کورد، لە زیندانی قزڵحساری کەرەج، جێبەجێ کرا. ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندان، بنەماڵەی ئەو چوار زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش ١٩ مانگ لە ناڕوونیی چارەنووسی کوڕەکانیان، بۆ یەکەم و دوایین جار ئیزنی چاوپێکەوتنیان لە زیندانی ئیڤین پێ درا و توانییان چاویان بە کوڕەکانیان بکەوێت.

ئەو چوار زیندانییە سیاسییە پاش چاوپێکەوتنێکی کورت لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی قزڵحساری کەرەج کران.

ئەو چوار زیندانییە سیاسییە، لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل" بە حوکمی "موحاربە و افساد فی الارض" بە ئێعدام، بە تۆمەتی "پێکهێنان و بەڕێوەبردنی دەستە بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات" بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی "ئەندامەتیی لە کۆمەڵەی شۆڕشگیڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

بنەماڵەی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە، دوای زیاتر لە ساڵ و نیوێک ەسبەسەرکران و بێسەروشوێنبوون وبێئاگابوون لە دۆخیان، سەبارەت بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدانەکانیان ئاگادار کرانەوە.

مەسعوود شەمس‌نژاد، پارێزەری ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە، لە لاپەڕەی ئیکسی خۆیدا ڕایگەیاند؛ "پاش تۆمارکردنی داواکاریی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکە لە دیوانی باڵای وڵات لەلایەن بریگرتەکانم وەفا ئازەربار، محەممەد فەرامەرزی، موحسن مەزڵووم و پژمان فاتحی بە هۆی پەیوەستنەکردنی دادنامەکانی سەرەتا و کۆتایی، داوکارییەکە ڕەت کرایەوە، بەگشتی لە دۆسییە ئەمنییەتییەکاندا، دادنامەکان ڕادەستی پارێزەرەکان ناکرێت."

ئەم بەنdکراوانە لەلایەن دادگاوە پارێزەریان بۆ دیاری کراوە و تاکوو ئێستا بنەماڵەکانیان نازانن ئەم پارێزەرانە کێن و هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکان نەگرتووە. لەلایەکی ترەوە بنەماڵەکان، "مەسعوود شەمس نژاد"، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەرییان وەکوو پارێزەری منداڵەکانیان بە ناوەندە دادوەرییەکان ناساندووە، بەڵام مەسعوود شەمس نژاد لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا نەیتوانیوە دۆسییەکەیان ببینێ و هیچ وڵامێکیشی لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە وەرنەگرتووە.

موحسن مەزڵوووم خەڵكی مەهاباد، هەژیر(محەممەد) فەرامەرزی خەڵكی دێولان سەر بە شاری سنە، وەفا ئازەربار خەڵكی بۆکان و پژمان فاتحی خەڵکی کامێران، ڕۆژی یەکی گەلاێژی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە گوندی "یەنگیجە" سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ دەسبەسەر کران. لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا، بنەماڵەکانیان سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی منداڵەکانیان هیچ زانیارییەکیان نەبووە و ئەم زیندانییانە لە هەموو ئەم ماوەیەدا لە دەسپیڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

کۆماری ئیسلامی دوو جار و لە مانگەکانی ڕەزبەر و سەرماوەزی ١٤٠١دا، ڤیدیۆی دانپێدانای زۆرەملێی ئەم زیندانییە سیاسییانەی بڵاو کردەوە. لەم دانپێدانانە زۆرەملێیەدا هاتووە کە ئەوان "ئامانجیان تەقینەوە لە یەکێک لە کارخانە فڕۆکەسازییەکانی ئێسفەهان بووە." بەڵام کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەتوندی ئەم دانپێدانان و تۆمەتە وەپاڵدراوە دژی ئەندامەکانی خۆی ڕەت کردەوە و ئەمەی بە بیانوویەک بۆ سەرکوتی هەرچی زیاتری کوردستان و خەباتی خەڵک بەتایبەت لە کاتی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی کوردستان و ئێراندا زانی.