چوار زیندانیی سیاسیی کورد لەسێدارەدران؛ نێدا ئەلنەشیف بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە لەسێدارەدانەکان و ماشینی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی دەبێت سەفەرەکەی خۆی بۆ ئێران هەڵوەشێنێتەوە

19:56 - 9 رێبەندان 2723

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی ڕێبەندان، حوکمی لەسێدارەدانی موحسن مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتحی، چوار زیندانیی سیاسیی کورد، لە زیندانی قزڵحساری کەرەج، جێبەجێ کرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا وێڕای مەحکوومکردنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو چوار زیندانییە سیاسییە کوردە؛ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە نادادپەروانەترین دادوەریکردن بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان و تەنانەت یاسای کۆماری ئیسلامی لەمەڕ ئەو زیندانییانە جێبەجێ کراوە. ئەوان زیاتر لە ١٩ مانگ لەگەڵ بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ بەرەوڕوو ببوونەوە و هێشتا ٢٤ کاتژمێر لە کاتی یەکەمین و دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان تێنەپەڕیبوو، کە لە سێدارە دران.

کوردپا ڕایدەگەینێ هەتا کاتێک کە کۆمەڵگای جیهانی هەوڵێکی لێبڕاو دژی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و لەسێدارەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە پێش نەگرێت، سەرکوت و لەسێدارەدانی لەو شێوە درێژەی دەبێت و کۆماری ئیسلامی، بە گاڵتەجاڕیکردن بە ڕۆژئاوا و ترساندنی کۆمەڵگای ئێران، کەڵکوەردەگریت.

ئێستا کە نێدا ئەلنەشیف، جێگری کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرەبەری هاتنی بۆ ئێراندایە، پێشوازیی کۆماری ئیسلامی بە لەسێدارەدانی گرووپی_سیاسی لەو بەرپرسە مافی مرۆیی نێونەتەوەییە و گاڵتەکردن پێی، دەبێ بە ناڕەزایەتیی توند و هەڵوەشاندانەوەی سەفەری ناوبراو بۆ ئێرانی، وڵام بدرێتەوە.

لەسێدارەدانی ئەو چوار زیندانییە سیاسییە لە ماوەی ١٩ مانگ بێسەروشوێنبوونیان، بەبێ ئەوەیکە لە یەکەمین و دوایین کاتژمێرەکانی پێش لەسێدارەدانیان و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان توانیبێتیان بڵێن کە لەو ماوەیەدا چییان بەسەردا هاتووە، هەروەها بەبێ هیچ جۆرە پێڕاگەیشتنێکی دادپەروەرانە؛ لەسێدارەدانی بان یاسایی بەئەژمار دێت و خاتوو ئەلنەشیف لە جیاتی هاتن بۆ ساختارێکی سەرکوتکاری لەم چەشنە، دەبێت ئەم قەتڵە حکوومەتییانە بەتوندترین شێوەی مومکین وڵامدەر بکات و بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بەو نیزامییە و دەزگای دادوەرییەکەی، لە هاتن بۆ ئێران خۆی ببوێرێ.

کوردپا پێداگری دەکاتەوە کە سەرکوت و لەسێدارەدان سەرەڕۆیانە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەبێت لەگەڵ دژکردەوەی کردەیی و لێبڕاوی کۆمەڵگای جیهانی بەرەوڕوو بێتەوە، هەڵوەشاندنەوەی سەفەری جێگری کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکەمین و چووکەترین هەوڵی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەگرتووەکان بە لەسێدارەدانەکان و وڵامدەرکردنەوە کۆماری ئیسلامی بێت.