مەترسیی جیددیی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد لە چەند کاتژمێری داهاتوودا/ پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بۆ ئاخرین چاوپێکەوتن

00:30 - 8 رێبەندان 2723

بنەماڵەی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە مەبەستی ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ منداڵەکانیان بانگی بەندیخانەی ئێڤین کراون و ئەمە مەترسیی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی ئەم چوار کەسەی زۆرتر کردووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای تاران و بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤین ئەمشەو، ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، پێوەندییان لەگەڵ بنەماڵەی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە گرتووە تاکوو بۆ ئاخرین چاوپێکەوتن، بەیانی ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، سەردانی بەندیخانەی ئێڤین بکەن.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ ئەوان لە ڕێگەی سەرچاوەگەلێکی ئاگادارەوە زانیویانە کە یا تەرمی ئەم بەندکراوانە یا حوکمی لەسێدارەدانەکەیان بە بنەماڵەکانیان نیشان دەدرێ و ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئیزنی ئاخرین چاوپێکەوتن بە بنەماڵەکانیان نادەن. سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ سەبارەت بە لەسێدارەدرانی ڕامین حوسێن‌پەناهیش هەروا بوو، بنەماڵەکەی بۆ ئاخرین چاوپێکەوتن بانگی بەندیخانەی ڕەجایی شار کران، بەڵام کاتێ دایە شەریفە لەوێ ئامادە بوو، تەرمەکەی ڕامینیان پێ نیشان دا.

بنەماڵەی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە هاوکات لەگەڵ ڕایگەیاندنی ئەم هەواڵە لەلایەن ناوەندە دادوەریییەکان  و بەرپرسانی بەندیخانەوە، ئەمشەو بەرەو تاران و بەندیخانەی ئێڤین چوون. کەمپەینی بەرگری لەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردەش بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی بەپەلە نووسیویەتی: بە سەرنجدان بە نمووکانی پێشوو و پێشینەی کۆماری ئیسلامی، ئەم مەترسییە جیددیە کە سزای لەسێدارەدانی ئەم چوار کەسە لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا جێبەجێ بکرێ.

ئەم کەمپەینە بە سەرنجدان بەوەی کە بنەماڵەی ئەم زیندانییانە ئێستا لە ڕێگای ڕۆیشتن بۆ تاران و بەندیخانەی ئێڤیندان، داوای لە خەڵكی تاران و هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکان کردووە پەیوەستی ئەم کەمپەینە بن. هەروەها داوایان لە ناوەندە مافی مرۆییەکان و کۆڕ و کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان کردووە بە شێوەی بەپەلە و جیددی بۆ پێشگرتن لەم سزایە هەوڵێکی بەپەلە و کاریگەر بدەن.

مەسعوود شەمس‌نژاد، پارێزەری ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە، لە لاپەڕەی ئیکسی خۆیدا ڕایگەیاند؛ "پاش تۆمارکردنی داواکاریی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکە لە دیوانی باڵای وڵات لەلایەن بریگرتەکانم وەفا ئازەربار، محەممەد فەرامەرزی، موحسن مەزڵووم و پژمان فاتحی بە هۆی پەیوەستنەکردنی دادنامەکانی سەرەتا و کۆتایی، داوکارییەکە ڕەت کرایەوە، بەگشتی لە دۆسییە ئەمنییەتییەکاندا، دادنامەکان ڕادەستی پارێزەرەکان ناکرێت."

سزای لەسێدارەدرانی وەفا ئازەربار، محەممەد فەرامەرزی، موحسن مەزڵووم و پژمان فاتحی، چوار بەندکراوی سیاسیی کورد سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک ساڵ و نیو لە دەسبەسەرکران و بێسەروشوێنکردنیان، لە بێدەنگیی ڕەهادا دەر کرا و دۆسییەکە بە مەبستی پشتڕاستکردنەوەی سزاکە ڕادەستی دیوانی باڵای وڵات کرا.

ئەم بەنکراوانە لەلایەن دادگاوە پارێزەریان بۆ دیاری کراوە و تاکوو ئێستا بنەماڵەکانیان نازانن ئەم پارێزەرانە کێن و هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکان نەگرتووە. لەلایەکی ترەوە بنەماڵەکان، "مەسعوود شەمس نژاد"، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەرییان وەکوو پارێزەری منداڵەکانیان بە ناوەندە دادوەرییەکان ناساندووە، بەڵام مەسعوود شەمس نژاد لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا نەیتوانیوە دۆسییەکەیان ببینێ و هیچ وڵامێکیشی لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە وەرنەگرتووە.

موحسن مەزڵوووم خەڵكی مەهاباد، هەژیر(محەممەد) فەرامەرزی خەڵكی دێولان سەر بە شاری سنە، وەفا ئازەربار خەڵكی بۆکان و پژمان فاتحی خەڵکی کامێران، ڕۆژی یەکی گەلاێژی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە گوندی "یەنگیجە" سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ دەسبەسەر کران. لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا، بنەماڵەکانیان سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی منداڵەکانیان هیچ زانیارییەکیان نەبووە و ئەم زیندانییانە لە هەموو ئەم ماوەیەدا لە دەسپیڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

کۆماری ئیسلامی دوو جار و لە مانگەکانی ڕەزبەر و سەرماوەزی ١٤٠١دا، ڤیدیۆی دانپێدانای زۆرەملێی ئەم زیندانییە سیاسییانەی بڵاو کردەوە. لەم دانپێدانانە زۆرەملێیەدا هاتووە کە ئەوان "ئامانجیان تەقینەوە لە یەکێک لە کارخانە فڕۆکەسازییەکانی ئێسفەهان بووە." بەڵام کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەتوندی ئەم دانپێدانان و تۆمەتە وەپاڵدراوە دژی ئەندامەکانی خۆی ڕەت کردەوە و ئەمەی بە بیانوویەک بۆ سەرکوتی هەرچی زیاتری کوردستان و خەباتی خەڵک بەتایبەت لە کاتی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی کوردستان و ئێراندا زانی.

بە سەرنجدان بە سێنارۆسازییەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و ناڕوونیی چارەنووسی ئەم چوار زیندانییە سیاسییە کوردە، بنەماڵەکانیان چەندین جار داوایان لە ناوەندە نێونەتەوەییەکانی و ناوەندە مافی مرۆییەکان کردووە کە یارمەتی منداڵەکانیان بدەن  تاکوو سزای سێدارەیان بەسەردا نەسەپێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، وێڕای مەحکوومکردنی دەرکرانی ئەم حوکمە دژی ئەم چوار زیندانییە سیاسییە و دەربڕینی نیگەرانیی جیدیی خۆی سەبارەت بە زۆربوونەوەی ئەگەری لەسێدارەدرانی ئەم زیندانییانە، جەخت دەکاتەوە کە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم زیندانییە سیاسییانە بە بێ مافی دەسپێڕاگەیشتن بە دادڕەسیی دادپەروەرانە و پارێزەر بووە و لەگەڵ هەموو پێوەرە مافی مرۆییەکان و تەنانەت یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامیش  ناتەبایە. هەروەها دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەم کەسانە لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دەزانێت.

پێشتر کوردپا، ڕایگەیاندبوو کە بە سەرنجدان بەوەی کە هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەم چوار کەسە لەبەر دەستدا نییە و بنەماڵەکانیشیان ئاگایان لە چارەنووسیان نییە و هەروەها بە سەرنجدان بە ڕاگەیەندراوەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کە تەنانەت بە بێ لەبەرچاوگرتنی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی و پێش دادڕەسی، تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ "موووساد"یان داوەتە پاڵیان، ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا ڕایگەیاند کە ئەوان لە شوێنێکی نادیار و بە بێ مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان لەگەڵ دادڕەسیی نادادپەروەرانەدا، دانپێدانی زۆرەملێ و بێشەروشوێنکردن بەرەوڕوون.