زیندانی قزڵحسار؛ چوار زیندانیی عەقیدەتیی مەحکووم بە لەسێدارەدران کە دۆسییەکەیان لەگەڵ داوود عەبدوڵڵاهی هاوبەش بوو، مانیان لە خواردن گرت

02:05 - 14 بەفرانبار 2723

١٣ی بەفرانباری ١٤٠٢؛ ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت و مامۆستا فەرهاد سەلیمی، چوار زیندانیی عەقیدەتیی مەحکووم بە لەسێدارەدران کە دۆسییەی هاوبەشیان لەگەڵ دادوود عەبدوڵڵاهی هەیە، دوابەدوای زۆربوونەوەی مەترسیی لەسێدارەدرانی داوود عەبدوڵلاهی، لە چوار ڕۆژ پێشەوە لە زیندانی قزڵحساری کەرەج، مانیان لە خواردن گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم زیندانییانە مانیان لە خواردن گرتووە و لە چوارەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی خۆیاندان. ئەوان بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە مەترسیی جیدیی لەسێدارەدرانی داوود عەبدوڵڵاهی کە لە کۆتاییدا ڕۆژی ڕابردوو واتە ١٢ی بەفرانبار جێبەجێ کرا و هەروەها جێبەجێکرانی حوکمەکانی خۆیان مانیان لە خواردن گرتووە و تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە لە مانگرتنەکەی خۆیان بەردەوامن.

دوابەدوای لەسێدارەدرانی قاسم ئابستە، ئەیووب کەریمی و داوود عەبدوڵلاهی، سێزیندانیی عەقیدەتیی کورد لە ڕۆژانی ١٤ی خەزەڵوەر، ٨ی سەرماوەز و ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢، ئەگەری لەسێدارەدرانی کەسانی تر کە دۆسییەی هاوبەشیان لەگەڵیان هەبووە، بە ناوەکانی ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت و فەرهاد سەلیمی زۆر بووەتەوە. بەتایبەت بەو هۆیەوە کە حوکمی لەسێدارەدرانی ئەم زیندانییانە نێردراوەتە بەشی جێبەجێکاری سزاکانی زیندان و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی زیندانیش داواین کردووە کە سزاکان هەرچی زووتر جێبەجێ بکرێن ئەم ئەگەرە زۆرتر بووەتەوە.

 پاش جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدرانی قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی، بنەماڵەکانی ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، داوود عەبدوڵڵاهی و فەرهاد سەلیمی کەوتبوونە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان تاکوو سەبارەت بە مەترسیی لەسێدارەدرانی منداڵەکانیان بێدەنگ بن، ئەگەر بە پێچەوانەی ئەمە بێت، لە ڕادەستکردنەوەی تەرمەکانیان بە بنەماڵەکانیان خۆ دەبوێرن.

دۆسییەی ئەم زیندانییانە زۆر ناڕوونە و پڕ لە کەموکۆڕیی یاساییە و ڕەوتی دادڕەسییەکەش نادادپەروەرانەیە. تاکو ئێستا هیچ پارێزەرێک دۆسییەکەی نەبینیون و خودی ئەم زیندانییانە چەندین جار جەختیان کردووەتەوە کە حوکمەکانیان لە دوای وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە و چەندین مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە لە ژووری تاکەکەسی وەرگیراوە.

ئەم زیندانییە عەقیدەتییانە، لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا، بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض"، بە لەسێدارەدران مەحکووم کراون. پاش ١٤ ساڵ زیندانیبوون، حوکمی لەسێدارەدرانی قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی و داوود عەبدوڵڵاهی لە ڕۆژەکانی ١٤ی خەزەڵوەر، ٨ی سەرماوەز و ١٢ی بەفرانباری  ١٤٠٢ لە زیندانی قزڵحساری کەرەج، جێبەجێ کرا.

دۆسییەی ئەم زیندانییانە، لە ساڵی ١٣٩٨دا پاش پشتڕاستکرانەوە، ڕادەستی دیوانی باڵای وڵات کرا. هەروەها ڕۆژی ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٩، لقی ٣٨ی دیوانی باڵای وڵات، داواکاریی دادڕەسیی ئەم زیندانییانەی ڕەت کردەوە.

ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی لە مەودای نێوان ناوەڕاستەکانی مانگی سەرماوەز هەتا سەرەتاکانی ڕێبەندانی ١٣٨٨ لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کران. ئەم ٧ زیندانییە عەقیدەتییە بۆ ماوەی چەند مانگ لەم گرتنگە ئەمنییەتییەدا بە مەبستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەشکەنجە دران.

بە کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێدا، ئەم ٧ زیندانییە ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کراون و بۆ ماوەی ٦ مانگیش لە ژووری تاکەکەسیی بەندەکانی ٢٤٠ و ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا لێپرسینەوەیان لێ کرا.

ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١، ئەم زیندانییانە، بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگوێزران.

کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤، کۆبوونەوەی دادگای ئەم ٧ زیندانییە بە تۆمەتەکانی وەک "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان" و "افساد فی‌الارض"، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقسیە، بەڕێوە چوو و لە ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ حوکمی لەسێدارەدرانەکە دەر کرا و بەفەرمی پێیان ڕاگەیەندرا.  پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەری ئەم دۆسییەیە بەم حوکمە، دۆسییەکە ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کرا و کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٥ ئەم حوکمە هەڵوەشایەوە.

پاش ڕەوانەکرانی ئەم دۆسییەیە بۆ لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا، ئەم ٧ زیندانییە جارێکی دیکە بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض"، بە لەسێدارەدران مەحکووم کران. پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەری ئەم دۆسییەیە، دۆسییەکە ڕەوانەی لقی ٤١ دیوانی باڵای وڵات کرا و لە ڕێبەندانی ٩٨دا ئەم حوکمە جارێکی دیکە پشتڕاست کرایەوە.

ئەنوەر خزری، کامران شێخە و خەسرەو بشارەت، لە پووشپەری ساڵی ١٣٩٨دا، لە دۆسییەیەکی دیکەدا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"ی مامۆستایەکی ئایینیی سووننە بە ناوی عەبدولڕەحیم تینا، مەحکووم کران. بەپێی حوکمی دەرکراو کە لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٩دا بەم زیندانییانە ڕاگەیەندرا، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت بە تۆمەتی "بەشداری لە کوشتن"، هەر کام بە ١٠ ساڵ زیندان و کامران شێخە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"، بە قیساس مەحکووم کران.

ئەم ٧ زیندانییە عەقیدەتییە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا، پاش داخران و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ڕەوانەی زیندانی قزلحسار کران.