حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییەکی خەڵکی ئیلام لە زیندانی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا

22:35 - 9 بەفرانبار 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ٩ی بەفرانبار، حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییەک بە ناوی "ئەحمەد (عەبدول) شاوالی"، کوڕی حوسێن، خەڵكی گوندی "ئیسلامییە"ی شاری سیروان سەر بە پارێزگای ئیلام، لە زیندانی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم زیندانییە تەمەن ٣٤ ساڵە، پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر و دواتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوو.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم زیندانییە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.