داوود عەبدوڵڵاهی سەرەڕای ئەوەیکە لە ژووری تاکەکەسییە و مەترسیی لەسێدارەدرانی لەسەرە، پێنج ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

22:27 - 9 بەفرانبار 2723

داوود عەبدوڵڵاهی، زیندانیی عەقیدەتیی کوردی مەحکووم بە سزای لەسێدارەدران، لە ڕۆژی سێشەممە، ٥ی بەفرانبارەوە و دوابەدوای ڕاگوێزرانی بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدرانەکەی، مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەمڕۆ شەممە، ٩ی بەفرانبار، بنەماڵەی عەبدوڵڵاهی هاوکات لەگەڵ بیستنی هەواڵی لەسێدارەدرانی ناوبراو، چوونەتە کەرەج، بەڵام لەوێ زانیویانە کە هەواڵەکە ڕاست نییە و کوڕەکەیان مەترسیی لەسێدارەدرانی لەسەرە و پێنج ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە.

 ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: داوود عەبدوڵڵاهی، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا، پێی وتوون حوکمی لەسێدارەدرانەکەی ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی بەفرانبار یان ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی بەفرانبار جێبەجێ دەکرێ.

بەپێێ ئەو زانیارییانەی کە بە کوردپا گەیشتوون، بنەماڵەی عەبدوڵڵاهی نیگەرانی جێبەجێکرانی حوکمەکەن. لەلایەکی تریشەوە بە سەرنجدان بە درۆ بەردەوامەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان سەبارەت بە لەسێدارەدرانی داوود و هەروەها دۆسییەی ئەیووب کەریمی، زیندانیی لەسێدارەدراو کە وتبوویان حوکمەکەی هەڵوەشاوەتەوە و دۆسییەکەی ڕەوانەی مەهاباد کراوە، بەڵام پاش ٤ ڕۆژ لە سێدارە درا؛ بنەماڵەی عەبدوڵڵاهی لە بواری دەروونییەوە لەژێر گوشاردان.

پاش ١٤ ساڵ زیندان، حوکمی لەسێدارەدرانی دوو کەس بە ناوەکانی قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی کە دۆسییەکەیان لەگەڵ داوود عەبدوڵڵاهی هاوبەش بوو، لە ڕۆژەکانی ١٤ی خەزەڵوەر و ٨ی سەرماوەز لە زیندانی قزڵحساری کەرەج، جێبەجێ کرا.

داوود عەبدوڵڵاهی، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٨٨ لەگەڵ شەش هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەنوەر خزری، ئەیووب کەریمی، فەرهاد سەلیمی، کامران شێخە و خەسرەو بەشارەت، خەڵكی سەقز و مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ ماوەی ٨ مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ لێپرسینەوەیان لێ کرا.

ئەم ٧ زیندانییە عەقیدەتییە کوردە، پاشان ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کران و پاش ٦ مانگ لێپرسینەوە ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١، ڕەوانەی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کران.

جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٧، ئەم ٧ زیندانییە، بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض" و تاوانە پێوەندیدارەکان بە ئەمنییەتی نەتەوەیی بە لەسێدارەدران مەحکووم کران و سەرەڕای پێشێلکردنی پرەنسیپەکانی دادڕەسیی دادپەروەرانە، ڕۆژی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٨، لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵات، حوکمە دەرکراوەکان دژی ئەم ٧ کەسەی پشتڕاست کردەوە و لە خەرمانانی ١٣٩٩دا، لقی ٣٨ی دیوانی باڵای وڵاتدا داواکارییەکەی بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕەت کردەوە.

ئەم ٧ زیندانییە، گەلاوێژی ئەمساڵ، پاش داخرانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ڕەوانەی زیندانی قزڵحسار کران.