سنە؛ سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی نۆژین، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی، ڕەوانەی زیندان کرا

20:41 - 9 بەفرانبار 2723

ڕۆژی شەممە، ٩ی بەفرانبار، سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی نۆژین، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی، ڕەوانەی زیندان کرا.

سەیوان ئیبراهیمی، گەلاوێژی ئەمساڵ بە تۆمەتی تێکدانی نەزمی گشتی"، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەریی سنەوە بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری، دوورخرانەوە بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان و لێدانی ٤٠ قامچی مەحکووم کرا و ڕۆژی شەممە، ١١ی سەرماوەز، حوکمی زیندان و قامچیی ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی نۆژین، لە لقی ١٢ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەدا پشتڕاست کرایەوە و حوکمی دوورخرانەوەکەشی بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان هەڵوەشایەوە و دەبێ ماوەی حوکمەکەی خۆی لە زیندانی سنەدا تێپەڕێنێ.

سەیوان ئیبراهیمی هەروەها لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەرەمی"، بە تۆمەتی "دروستکردنی گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات"، بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەم حوکمە ڕۆژی شەممە، ١١ی سەرماوەز بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەر لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەرێوە چووبوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١، سەیوان ئیبراهیمی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندان ئازاد کرا.

سەیوان ئیبراهیمی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

سەیوان ئیبراهیمی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠١یش، سەیوان ئیبراهیمی لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هاوسەرەکەی، زارا محەممەدی، لە داداگی ئینقلابی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی بەفرانباری ١٤٠١ بە کەفاڵەت ئازاد کرا.