سنە؛ هاووڵاتییەک بە تەقەی هێزە ئینتیزامییەکان گیانی لەدەست دا

14:25 - 9 بەفرانبار 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی بەفرانبار، کاوە گەوێڵی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٧ ساڵی خەڵکی سنە، بە تەقەی هێزە ئیتیزامییەکانی کەڵانتەری ١٥ی ئەم شارە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش هاتنەئارای شەڕ و دەرگیرییەک لە گەڕەکی ٢٥ی شەهریوەری سنە، ئەم هاووڵاتییە لە مەودای نزیکەوە، لەلایەن هێزە ئینتیزامییەکانی کەڵانتەرییەوە، تەقەی لێ کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: کاوە گەوێڵی پاش ئەم ڕووداوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە کراوە و بە هۆی قوڵیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان پاش وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو لە بنەماڵەی گەوێڵی سەبارەت بە خۆبواردن لە ڕاگەیاندنی هەواڵی چۆنیەتیی کوژرانی کوڕەکەیان، تەرمی ناوبراویان ڕادەست کردوونەتەوە.

ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەتییەکان و چەند کەس لە بنەماڵەی ناوبراو، لە گوندی "کێڵانە"ی سەر بە شاری سنە بەڕێوە چوو.