جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدرانی چوار زیندانیی تۆمەتبار بە "بەشداری لە هاوکاریی ئیتلاعاتی و سیخوڕی بە قازانجی ئیسرائیل" لە زیندانی ورمێ

15:10 - 8 بەفرانبار 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٨ی بەفرانبار، حوکمی لەسێدارەدرانی چوار زیندانیی تۆمەتبار بە "بەشداری لە هاوکاریی ئیتلاعاتی و سیخوڕی بە قازانجی ئیسرائیل"، بە ناوەکانی "نەسیم نەمازی، وەفا هنارە، ئارام عومەری بەردیانی، ڕەحمان پەرهازوو"، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەم چوار کەسە ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوە.

ئەم چوار زیندانییە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی بەفرانبار بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەیان، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ کرابوون.  

ئەم چوار زیندانییە پاش ڕاگوێزران بۆ ژووری تاکەکەسی، چاویان بە بنەماڵەکانیان کەوتووە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات، حوکمی لەسێدارەدرانی ئەم چوار زیندانییەی خەڵکی ورمێی پشتڕاست کردەوە و حوکمی لەسێدارەدرانی مەنسوور ڕەسووڵی، تۆمەتباری دیکەی ئەم دۆسییەی، هەڵوەشاندەوە.

لە ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا، ئەم چوار زیندانییە، لەگەڵ مەنسوور ڕەسووڵی، لە ئەندامانی پێشووی سپای پاسداران لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفزادە"، بە تۆمەتی "بەشداری لە هاوکاریی ئیتلاعاتی و سیخوڕی بە قازانجی ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران مەحکووم کران.

هەروەها پێنج هاووڵاتییی دیکەی خەڵکی ورمێ، بە ناوەکانی "کامران هەنارە، فەخرەدین دوودکانلووی میلان، ئەشکان عوسمان نژاد گوندک مەلا، حەسەن عومەرپوور و ئەمیر موشتاق گەنگەچین" لەو دۆسییەیەدا بە تۆمەتی "بەشداری لە هاوکاریی ئیتلاعاتی و سیخوڕی بە قازانجی ئیسرائیل"، هەر کام بە ١٠ ساڵ زیندان، بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو، مەحکووم کران.

وەفا هنارە، ئارام عومەری، ڕەحمان پەرهازوو، نەسیم نەمازی، کامران هەنارە، فەخرەدین دوودکانلووی میلان، ئەشکان عوسمان نژاد گوندک مەلا، حەسەن عومەرپوور و ئەمیر موشتاق گەنگەچین لە پاییز و زستانی ١٤٠٠ـەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ورمێ دەسبەسەر کرابوون و هەر کام بۆ ماوەی چەند مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ئیتلاعاتی ورمێ و بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین بە تۆمەتی "بەشداری لە هاوکاریی ئیتلاعاتی و سیخوڕی بە قازانجی ئیسرائیل" کەوتبوونە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە، ڕەوانی زیندانی ورمێ کرابوون.

مەنسوور ڕەسووڵیش، بانەمەڕی ١٤٠١، پاش بڵاوبوونەوەی فیلمێک لە ناوبراو، لەژێر ناوی "لێپرسینەوەی دەستوپێوەندییەکانی مووساد"، دەسبەسەر کرا.