بۆکان؛ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە لە ٦ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

18:16 - 7 بەفرانبار 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٤ی بەفرانباری ١٤٠٢، شەش هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "مێهدی ڕەحیمی‌ئازەر، سەلاح ڕەحیمی‌ئازەر، ئەنوەر قاسمپوور، کەماڵ خزری، کەماڵ ناسری و ڕزگار ڕەحیمی‌ئازەر"، خەڵکی گوندی "کانی ڕەش"، سەر بە شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەیان ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ٦ هاووڵاتییە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و کەماڵ خزری و کەماڵ ناسری پاش ٧ کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: چوار هاووڵاتییەکەی دیکە، پاش دوو ڕۆژ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی بۆکان، ئازاد کران.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم ٦ هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.