هاووڵاتییەکی کورد لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ گیانی لەدەست دا

11:54 - 7 بەفرانبار 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مەنسوور سڵامەت"، کوڕی مەحکووم و خەڵکی گوندی "پێسان"، سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، چەند کاتژمێر دوای دەسبەسەرکران، لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئەم شارە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، بە تۆمەتی "ڕاگرتنی چەکی ڕاو"، ئەم هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە و بۆ گرتنگەی ئەمنییەتیی "نۆ پلە"یان ڕاگواستووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: مەنسوور سڵامەت بە هۆی گوشار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکان لە گرتنگەدا گیانی لەدەست داوە و شەوی چوارشەممە، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگەی پێوەندییەکی تلفۆنییەوە، هەواڵی مەرگی ناوبراویان بە بنەماڵەکەی داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هێزە ئەمنییەتییەکان ڕایانگەیاندووە کە مەنسوور سڵامەت بە هۆی ترس و گوشاری دەروونیی دوای دەسبەسەرکران، جەڵتە لێی داوە و گیانی لەدەست داوە.

تەرمە ئەم هاووڵاتییە کوردە، پاش ڕاگوێزران بۆ پزیشکی دادوەریی ورمێ، ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا و ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی بەفرانبار لە زێدی خۆی بە خاک سپێردرا.